ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ـی٧ـی٢٠١٥، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەلاحەدین پێشوازیی لە بەڕیز حسن احمد الشحی باڵیۆزی نوێی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە عێراق و راشد محهمهد مهنسوری کونسوڵی گشتیی وڵاتی ئیمارات لهههرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی نوێی ئیمارات سڵاو و ڕێزی شێخ موحەمەد بن زاید جێنشینی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە بۆ یەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند بۆ هاوکاریی و هەماهەنگییان لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکانی ئیماراتی عەرەبی و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێ خواست و خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پێشان دا و سوپاسی ئیماراتی عەرەبی کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی لەبواری مرۆییدا پێشکەشی ئاوارە و لێقەوماوانی کردووە.
هەر لەم دیدارەدا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا.